107 هەزار قوتابی پۆلی دوازدە بەشداری تاقیكردنەوەی گشتی دەكەن

23/06/2022

نورەدین عوسمان بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كۆمەڵێك بڕیار بۆ سەلامەتی و باشتر بەڕێوەچوونی ئەزموونەكانی كۆتایی بڕیاری لێدراوە كە بۆ یەكەمجارە دەخرێنە نێو پرۆسەكەوە.
نورەدین عوسمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، ئەمساڵ 107  هەزار قوتابی قۆناغی دوانزەی ئامادەیی بەشداری پرۆسەی تاقیكردنەوەكان دەكەن و لە  2 هەزار و 700 هۆڵ تاقیكردنەوەكان ئەنجام دەدەن.
باسی لەوەش كرد، بۆ رێگری لە هەر گرفتێك بۆ تاقیكرنەوەی بیركاری 90 هەزار حاسیبە بۆ قوتابیان دابینكراوە و هەزار و 500 موبایلی ئاسایی بۆ بەڕێوەبەری هۆڵەكان دابینكراوە.
بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەكان رونیشیكردەوە، هەموو رۆژێك لە كاتژمێر 7 و 30 خولەك تاقیكردنەوەكان دەست پێدەكەن و دەبێت قوتابی پێناسەی ئەزموونی پێبێت و لەناو هۆڵەكانیشدا پرسیارەكان بەپێی ژمارە و ناوی قوتابی دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group