هەولێر.. زیاتر لە یەك تۆن مادەی هۆشبەر لەناوبراوه

26/06/2022

بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەكان، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشەبەرەكان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر ئاماری دەستبەسەرداگرتنی مادەی هۆشبەرو دەستگیركردنی تۆمەتبارانی لەسەرەتای ساڵی 2022ـەوە تا 20-6 بڵاوكردەوە.
بەپێی ئامارەكە كە كۆپیەكی دەست رادیۆی نەوا كەوتوە تیایدا راگەیەنراوە، لەو ماوەیەدا ئەو تۆمەتبارانەی بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیر كراون و دراونەتە دادگا، 999 تۆمەتباربون، ئەوانەشی سزادراون 682 كەسن، هەروەها 338 كەسیش سزاكەیان تەواو كردوەو ئازاد كراون و 45 كەسیش لەلایەن دادگاوە بە دەستەبەری ئازاد كراون.
لەبارەی بڕی دەستبەرداگیراویشەوە بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكانی هەولێر رایگەیاندوە، 132 كیلۆ و 729 گرام بوەو 282 شیت و 136 پاكەت دەرمانی پزیشكی هۆشبەریشیان دەستبەسەردا گرتوە.
راشیگەیاندوە، هەر لەماوەی ئەو شەش مانگەدا دەستگیراوە بەسەر بڕی 4 هەزارو 450 دۆلاری ساختەدا، هەروەها ئەمساڵیش هەزارو 230 كیلۆ و 950 گرام مادەی هۆشبەرو یەك شروب و هەزارو 280 دەرزی هۆشبەر سوتێنراون و لەناوبراون كە كێشەكانیان لەدادگا یەكلایی بۆتەوە. 
لەكۆتایی راگەیەنراوەكەدا هۆشداری دراوەتە ئەو كەسانەی كە بازرگان و بەكارهێنەری مادەی هۆشبەرن كە دوربكەونەوە لەو كارە ترسناكەو چارەنوسی خۆیان بپارێزن، چونكە لەكۆتاییدا دەستگیردەكرێن و رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group