عیراق پێشوازی لە كوشتنی زەواهیری دەكات

03/08/2022 عێراق

عیراق پێشوازی لە كوشتنی ئەیمەن زەواهیری سەرۆكی رێكخراوی ئەلقاعیدە دەكات.
لە راگەیەنراوێكدا نوسینگەی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عیراق بڵاویكردۆتەوە، ئەعرەجی و ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لەعیراق كۆبونەتەوەو تیایدا رایگەیاندوە، عیراق پێشوازی لەكوشتنی زەواهیری دەكات بەردەوامی فشار خستنە سەر رێكخراوەكانی داعش و ئەلقاعیدە پێویستن تا جیهان خاڵی بێتەوە لە ئاشوبی تیرۆرو تاوانەكانیان.
ئەعرەجی وتوشیەتی: عیراقییەكان توانایان هەیە چارەسەری كێشە سیاسییەكانی خۆیان بكەن، چونكە كێشەیەكی ناوخۆیی عیراقییەكانەو كاركردن بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكەش لە چوارچێوەی گفتوگۆیەكی عیراقیانەدا رێگر دەبێت لە رشتنی خوێنی عیراقییەكان و پارێزگاری دەكات لە یەكپارچەیی خاكەكەی.
لەلایەن خۆشیەوە رۆمانۆسكی رایگەیاندوە، وڵاتەكەی خوازیارە حكومەتێكی بەهێزی عیراقیانە پێكبهێنرێت كە توانای پارێزگاریكردنی سەروەرییەكەی هەبێت و بەڕوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا كراوە بێت، ئەمریكاش دەستوەردان ناكات لە بژاردەكانی گەلی عیراق و تەنها بۆ عیراقییەكان خۆیانی بەجێدەهێڵێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group