پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتێكە بۆ پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران

06/08/2022

نەوا-
هێڤیدار ئەحمەد جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، خەریكی ئامادەكردنی راپۆرتێكن بۆ ئەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەست پێبكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستە میوانداری وەزیری دارایی دەكەن.
هێڤیدار ئەحمەد بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتووە، سەبارەت بە پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران لە لیژنەی دارایی لیژنەیەكی لاوەكی دروست كراوە كە ئەو سەرۆكیەتی و خەریكی ئامادەكردنی راپۆرتێكن كە هێشتا تەواو نەبووە و لە گفتووگۆدان، كە تەواوبوو رەوانەی دەكەن بۆ حكوومەت و داتایان وەرگرتووە.
سەبارەت بە ناوەڕۆكی راپۆرتەكە باسی لەوەكردووە، تێیدا هاتووە كە چەند پلەیان بەرزكراوەتەوە و چەندیش ماون و چۆن پلەیان بەرزبكرێتەوە، بۆیە دەیانەوێت پلەی فەرمانبەران بەرزبكرێتەوە و باری حكومەتیش گران نەبێت، بۆ ئەو مەبەستە میوانداری وەزیری داراییش دەكەن بۆ ئەوەی رونكردنەوە بدات.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی رونیشیكردووەتەوە، چەند بژاردەیەكیان ئامادەكردووە كە حكومەت بتوانێت پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە، چونكە ئەوانەی سلكی سەربازین وەكو پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و ئەوانەی سەر بەوەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەن پلەیان بەرزدەكرێتەوە، بەڵام ئەوانەی فەرمانبەری شارستانین ماون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group