هۆكاری نەگەڕاندنەوەی روفاتی 171 قوربانی ئەنفالكراو ئاشكرا دەكرێت

09/08/2022

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان رونكردنەوەیەكی لەسەر گەڕاندنەوەی 171 روفاتی قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال بڵاوكردەوە.
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەبەشێكی رونكردنەوەكەیدا بڵاویكردۆتەوە، لەساڵی 2019 و لەكاتی دۆزینەوەی ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵ لەبیابانی سەماوە، بەڕێوەبەرایەتی گۆڕەبە كۆمەڵەكانی وەزارەتمان بەهەماهەنگی دەزگای شەهیدانی عیراق تیمەكانیان ناردە شوێنی گۆڕەكان و بەشداربون لەهەڵدانەوەیان و گواستنەوەی روفاتی (171) شەهیدی جینۆسایدكراو بۆ پزیشكی دادی بەغداد بەمەبەستی ئەنجامدانی شیكاری و گرتنەبەری رێكارە یاسایی و زانستیەكان و دواتر هێنانەوەیان بۆ كوردستان .
راشیگەیاندوە، بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبونەوەی كۆرۆنا بۆ ماوەیەك ئەو كارە دواكەوت و پاشان ئامادەكاری پێویست ئەنجامدرا بۆ هێنانەوەی شكۆمەندانەی روفاتەكان و بەخاكسپاردنەوەیان لە زێدی خۆیان، بەڵام ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ژمارەیەك بەناوی كەسوكاری قوربانیان نامەی ناڕەزاییان لەگەڕاندنەوەی روفاتەكان دایە دەزگای شەهیدانی عیراق كە رازی نین بەو رێكارانەی پێشتر گیراونەتەبەر و گرفتیان بۆ ئەو پرۆسەیە دروستكرد.
وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەبەشێكی تردا رایگەیاندوە، دوای گفتوگۆ لەمبارەیەوە جەخت لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی ئەو روفاتانە دەكەینەوەو هەموو ئامادەكاریەكیش بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامدراوەو هەوڵەكانیش بەردەوام دەبن بۆ هێنانەوەیان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group