زانكۆی سەڵاحەدین بڕیاری یەكپۆشی دەخاتە بواری جێبەجێ كردنەوە

10/08/2022
نەوا-
د. كامەران یونس سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین ئاشكرای كرد، بڕیاری یەكپۆشی خوێندكاران جێبەجێ دەكەن و هەر خوێندكارێك پابەند نەبێت بۆ ماوەی هەفتەیەك دوور دەخرێتەوە.
د. كامەران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، دوای ئەوەی بیرۆكەی یەكپۆشییان بۆ هات ئەو بیرۆكەیەیان كردە راپرسییەكی ئەلیكترۆنی و نزیكەی 11 هەزار و 450 قوتابی لە كوڕ و كچ بەشدارییان تێدا كرد.
رونیشیكردووەتەوە، ئەنجامی راپرسیەكە 70.6% بە بەڵێ‌ بووە و 29.4% بە نەخێر بووە، هەروەها 74.6% رەنگی رەش و سپییان هەڵبژاردووە، وەكو ئەنجومەنی زانكۆی سەڵاحەدین كۆبوونەوەی خۆیان دەكەن و ئەنجامی ئەو راپرسییە دەكەنە بڕیار.
سەرۆكی زانكۆكە هێمای بۆ ئەوەش كردووە، یەكپۆشی بۆ ساڵی خوێندنی  2022بۆ 2023 جێبەجێ دەكرێت،  ساڵنامەی خوێندن لە 4ی 9ی 2022 دەستپێدەكات بەڵام تاوەكو 1ی 10 دەرفەت بە قوتابییان دەدەین، لەو بەروارەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردن و پاشان راگر و سەرۆك بەشەكان بەرپرس دەبن لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە.
سەبارەت بە جۆری سزای ئەوانەی پابەند نابن ئاماژەی بەوەداوە، هەر قوتابییەك پابەند نەبێت بە بڕیاری یەكپۆشی یەكەمجار سزای ئاگاداركردنەوەی پێدەدرێت، جاری دووەم هۆشداری و جاری سێیەم دەبێتە دوورخستنەوە بۆ ماوەی یەك هەفتە، ئەو بڕیارە نە بۆ قەدەغەكردنی نیقابە، نە بۆ قەدەغەكردنی تەنورەیە و نە بۆ قەدەغەكردنی باڵاپۆشییە بەڵكو تەنیا بۆ یەك رەنگییە.
هەرچی سەبارەت بە جۆری جلەكەیە جەختی لەوە كردووەتەوە، قەمیسی سپی لەگەڵ پانتۆڵی رەش یان رەساسی لە ئەنجومەنی زانكۆ بڕیاری لەسەر دەدرێت، رەنگە هەندێك كۆلێژ رەش و سپی بێت و هەندێك رەساسی و سپی بێت، ئەمە لە ئەنجومەنی كۆلێژ بڕیاری لەسەر دەدرێت و رای راگرەكانی لەسەر وەردەگیرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group