بەپێی گشتاندنێكی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كە ئاڕاستەی گشت وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت كراوە، لەمەودوا ڕێگە بەهیچ كەناڵ و پەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی روداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان بڵاوبكەنەوەو روماڵی بكەن.
بەپێی زانیارییە بڵاوكراوەكان گشتاندنەكە لەسەر بنەمای داواكارییەكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ ئەنجومەنی وەزیران كراوە كە تێیدا داوایكردوە، بۆ پاراستنی رێڕەوی لێكۆڵینەوەو لایەنی دەرونی و كۆمەڵایەتی ژیانی خەڵك و نەقۆستنەوەی روداوەكان بۆ دوبەرەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی، رێگە نەدرێت روماڵی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆی تاوان و تۆمەتباران بكرێت، ئەمەش لەپێناو سەلامەتی گشتیی و ئاسایشی تاك و كۆمەڵگەیە، هەروەها رێزگرتنە لە رێرەوی لێكۆڵینەوە یاساییەكان و بنەماكانی مافی مرۆڤ.