لەسلێمانی كچێكی رفاندو لەهەولێر دەستگیر كرا

21/08/2022

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی راگەیاند كە لەشاری سلێمانی كچێكی رفاندوە.
هۆگر عەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: پاش گەیشتنی فەرمانێكی دەستگیركردن لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە كەوا كەسێك هەڵساوە بە رفاندنی كچێكی تەمەن 20 ساڵ ئەو كەسەش تەمەنی 31 ساڵە، وەك پۆلیسی هەولێر بەدواداچونمان كرد توانیمان دەستگیریان بكەین بەپێی مادەی 421 لەیاسای سزادانی عیراقی و كچەكەش لای خۆمان گلدرایەوەو رادەستی كەسوكاری كرایەوە.
وتیشی: تۆمەتبارەكە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەكەینەوە بۆئەوەی رێشوێنی یاسای بەرامبەر بگیرێتەبەر، ئێمە هەماهەنگی تەواو و تۆكمەمان هەیە لەنێوان پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان.
هۆگر عەیز وتیشی: لە 6 مانگی رابردودا توانیومانە زیاتر لە 130 تۆمەتبار دەستگیر بكەین و رەوانەی دەرەوەی هەرێم و ئیدارە سەربەخۆكان و پارێزگاكانیان بكەینەوە چونكە فەرمانی دەستگیركردنیان هەبوە، ئاگاداری هەموو ئەوانەش دەكەینەوە كە تۆمەتبارن و بیانەوێت لەهەولێر نیشتەجێ ببن دەبێت بزانن هەركات فەرمانی دەستگیركردنیان گەیشت ئەوا جێبەجێی دەكەین و رەوانەی شوێنی خۆیانیان دەكەینەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group