لاپۆرتا هاندەرانی بەرشەلۆنەی بێهیوا كرد

25/08/2022 وەرزش

نەوا-
خوان لاپۆرتا سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە هاندەرانی یانەكە بێهیوا دەكات و دەڵێت، كات درەنگە بۆ گرێبەست كردن لەگەڵا بێرناردۆ سیلڤا ئەستێرەی یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی.
ماوەیەكە هاندەرانی بەرشەلۆنە بە تامەزرۆییەوە چاودێری هەواڵەكانی تایبەت بە گواستنەوەی بێرناردۆ سیلڤا دەكەن كە یەكێكە لە خواستەكانی چاڤی هێرناندێز راهێنەری یانەكە.
سەبارەت بەو بابەتە خوان لاپۆرتا بە رۆژنامەی "سپۆرت"ی كەتەلۆنی وتووە، تیمێك پێكدەهێنن كە بتوانێت ركابەری بكات ئەویش لەگەڵ راهێنەرێكی ناوازەی وەك چاڤی.
ئاماژەی بەوەشداوە، سەبارەت بە بێرناردۆ سیلڤا لەگەڵ بەرپرسانی یانەی مانچستەر سیتی قسەیان نەكردووە و هیچ شتێك لەو بارەیەوە نییە و هیچ شتێكیش نەبووە، ئێستا كات بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە درەنگە.
بێرناردۆ سیلڤا یەكێكە لە یاریزانە سەرەكی و دیارەكانی یانەی مانچستەر سیتی و ئەو یانەیە رەتیدەكاتەوە بە كەمتر لە 90 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری ببێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group