پیاوێكی ئیتاڵی لە یەك كاتدا تووشی ئایدز و كۆرۆنا و ئاوڵەی مەیمون بووە

25/08/2022 هەمەڕەنگ

نەوا-
لە حاڵەتێكی دەگمەندا كە بۆ یەكەمجارە روودەدات، كەسێكی ئیتاڵی لە یەك كاتدا تووشی ڤایرۆسەكانی "ئایدز" و "كۆرۆنا" و "ئاوڵەی مەیمون" بووو.
بەپێی هەواڵێك كە لە رۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی بڵاوكراوەتەوە، كەسێكی ئیتاڵی تەمەن 36 ساڵ لە یەك كاتدا تووشی 3 جۆر ڤایرۆس بووە، كە بریتین لە ڤایرۆسەكانی "ئایدز" و "كۆرۆنا" و "ئاوڵەی مەیمون"، گومانی ئەوەش دەكرێت كاتێك كە بۆ ماوەی 9 رۆژ لە ئیسپانیا بووە تووش بووبێت.
رونیشكراوەتەوە، دوای گەڕانەوەی ئەو كەسە هەستی بە تا و هەوكردنی قورگ و سەرئێشە كردووە، دواتر نیشانەی سوور لەسەر پێستی سكی دەركەوتووە، دوای 3 رۆژیش لە دەركەوتنی نیشانەكان سوربوونەوەی پێست باڵی پەچیشی گرتووەتەوە و هەڵئاوسان لە سەرجەم ئەندامانی جەستەیدا دەركەوتووە، هەروەها لەپشكنینەكاندا دەركەوتووە كە توشبووی كۆرۆنایە.
بەپێی زانیاریەكانی رۆژنامەكە، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە پزیشكەكان پێیان وتووە كە توشبوی ئایدز و ئاوڵەی مەیمونیشە، ئەو پیاوە كاتێك لە ئیسپانیا بووە پەیوەندی سێكسی بەستووە، دوای 7 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە نیشانەكانی كۆرۆنا بەرەو نەمان چوون نەخۆشخانەی جێهێشتووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group