وەزیری ناوخۆی عیراق: 22 ملیۆن كەس لە چلەدا بەشداربوون

18/09/2022 عێراق

نەوا-
عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عیراق رایگەیاند، ئەمساڵ ژمارەی زیارەتكاران كە چوونەتە ناو پارێزگای كەربەلاوە گەیشتوونەتە 22 ملیۆن كەس، 125 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەكانیش بەشداربوون لە پاراستنی ئاسایشی چلە.
عوسمان غانمی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، چلەی ئەمساڵ زۆر تایبەتمەند بوو و بۆ یەكەم جار چەند دەروازەیەك كرانەوە بۆ پێشوازی لە زیارەتكارانی دەوڵەتانی دراوسێ‌، پلانی ئەمنی لە یەكەم رۆژەوە دەستی پێكرد و لە ئاسمان و زەوییەوە پێشوازی لە زیارەتكاران كرا.
رونیشیكردووەتەوە، پلانێكی تایبەت دانرا و 125 هەزار ئەندامی هێزە ئەمنییەكانی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و هێزەكانی حەشدی شەعبی لە پاراستنی چلە بەشداربوون، چەند هەوڵێك هەبوون بۆ تێكدانی ریزەكانی زیارەتكاران بەڵام هێزە ئەمنییەكان مامەڵەیان لەگەڵدا كردن.
وەزیری ناوخۆی عیراق وتوشیەتی، هەروەها هێزی ئاسمانی و فڕۆكەكانی سوپا رۆڵیان هەبوو لە پاراستنی چلە و پاڵپشتی هێزە ئەمنییەكان بوون و هیچ دزەكردنێكی ئەمنی تۆمار نەكراوە، ژمارەی زیارەتكارانی ئەمساڵ گەیشتنە 22 ملیۆن كەس كە  3 ملیۆنی بیانی بوون، هەروەها زیاتر لە 5 هەزار ئۆتۆمبێلی وەزارەتەكان لە چلەدا لەكاردا بوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group