پرۆسە هاوبەشەكانی عیراق: لەگەڵ هەسەدە هاریكاریمان هەیە

21/09/2022 عێراق

نەوا-
فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانی عیراق ئاشكرای كرد، لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" هاریكارییان هەیە لە بواری هەواڵگری و راوەدونانی چەكدارانی داعش و رێگەگرتن لە دزەكردنیان.
لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەكانی عیراق رایگەیاندووە، فەرماندەیی ئەمنی دیدێكی تەواویان لەسەر خێوەتگەی هول هەیە و كاركردن بەردەوامە بۆ كۆنترۆڵ كردنی سنوری عیراق و سوریا.
رونیشیكردووەتەوە، هێڵەكانی بەرگری لەسەر سنوری سوریا بەهێزتر كراون و دوو پلانی بەرگری دانراون، یەكەمیان بریتییە لە پاسەوانی سنور و دووەمیش سوپایە، ئەوەش سەرەڕای بەربەستە كۆنكرێتییەكان و بورجەكانی چاودێری.
خەفاجی لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لەوە كردووە، هەروەها هاریكاری لەگەڵ هێزەكانی هەسەدە هەیە، ئەویش لە رێگەی هاوكاری كردن لە بواری هەواڵگری بۆ راوەدونانی چەكدارانی داعش و رێگەگرتن لە دزە كردنیان، ئەوەش سەرەڕای هاریكاری لەگەڵ حكومەتی سوریا، ئەو هاریكاریانە بوونەتە هۆی ئەوەی كە دزەكردن لە سنورەكانەوە زۆر ئەستەم بێت بۆ چەكدارە تیرۆرستییەكان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group