لە زەوییەوە گوللەیەك تەقێنرا لە ئاسمان گەشتیارێكی بریندار كرد

02/10/2022 جیهان

نەوا-
دەسەڵاتدارانی میانمار بڵاوینكردەوە، لە روداوێكدا گوللـەیەك گەشتیارێكی لەناو فڕۆكەیەكدا بریندار كردوە كە لەگەشتێكی ناوخۆییدا بوە.
ئاژانسی هەواڵی (میانمار ناو) لەسەر زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە بڵاویكردوەتەوە فڕۆكەیەكی جۆری ATR-72  كە 63 سەرنشینی تێدا بوە لە بەرزایی زیاتر لە 3 هەزار پێ تەقەی لێكراوەو كەسێك لەناو فڕۆكەكەدا بریندار بوە، ناسنامەی قوربانییەكە ئاشكرا بوە كە پیاوێكی تەمەن 27 ساڵانەو لەشاری نایپیتاوە بەرەو شاری لۆیكاو گەشتیكردوە، گوللـەكە لەلای ڕاستی روخساری گەشتیارەكەی بریندار كردوە دوای نیشتنەوە دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانە كراوە.
لەبارەی روداوەكەشەوە ئەنجومەنی سەربازی میانمار دوو هێزی جوداخوازی تۆمەتبار كردوە كە پارتی پێشكەوتنخوازی نیشتمانی كارێنی و هێزی پاراستنی گەلن، بەڵام پارتی پێشكەوتنخواز ئەو تۆمەتەی رەتكردۆتەوە رایگەیاندوە كە ئەوان  دەستیان لەو روداوەدا نەبوە.
ئاژانسەكە باسی لەوەشكردوە كە لەكاتی روداوەكەدا  گەشتەكانی ناو فڕۆكەخانەكە بۆ ماوەیەكی كاتی راگیراون، سوپای میانماریش هێزەكانی لە نزیكی فڕۆكەخانەكە بڵاوكردوەتەوەو دەستیانكردوە بە گەڕان و پشكنین بۆ دەستگیركردنی ئەنجامدەرانی ئەو روداوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group