ئەنجومەنی وەزیران دانانی باجی لەسەر كارتی موبایل و ئەنتەرنێت راگرت

22/11/2022 عێراق

نەوا-
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی كۆبۆوەو چەند بڕیارێكی دەركرد.
بەپێی راگەیەنراوێكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی كردوە دەربارەی باجی سەپێنراو بەسەر كارتی موبایل و پڕكردنەوەی ئینتەرنێتدا كە هۆكاری بەرزبونەوەی تێچوی پەیوەندییەكانن لە عیراق.
راشیگەیاندوە، پاش گفتوگۆكردن ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە بە راگرتنی ئەو لێبڕینە خزمەتگوزاریانەی موبایل و ئینتەرنێت كە بەڕێژەی 20%ن لە بەرواری 1-12-2022ـەوەو دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی راسپاردوە بەجێبەجێكردنی و  گەڕاندنەوەی ئەو بڕەی پێشتر وەرگیراون بۆ گەنجینەی گشتی.
هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێكی كابینەی پێشوی هەڵوەشاندۆتەوە كە تایبەتبوە بە پێكهێنانی لیژنەی باڵای سەلامەتی و تەندروستی بۆ بنبڕكردنی پەتای كۆرۆناو جێبەجێكردنی یاسای تەندروستی تایبەت بە نەخۆشیە گوازراوەكانی خستە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group