پەرلەمانتارێك: 2 جۆر قاچاخی نەوت هەیە و یەكیان ئاشكرا كردنی سەختە

23/11/2022 عێراق

نەوت -
ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق باس لەوە دەكات، دوو جۆر قاچاخی نەوت هەیە، یەكیان لە رێگەی مافیاكانی نەوتەوەیە و ئەوی تریان لەلایەن بەرپرسانی باڵای وڵاتەوەیە، كە ئەمەی دووەم ئاشكرا كردنی سەختە.
عەدنان جابری پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی وزەی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا وتویەتی، مەلەفی بە پاچاخ بردنی نەوت ئاڵۆزە و دوو جۆرە، یەكەمیان لەلایەن گروپە مافیاكانی دەرەوەی یاسا ئەنجام دەدرێت، كە ئەو جۆرەش لە زۆربەی وڵاتاندا هەیە.
رونیشیكردووەتەوە، جۆری دووەم لەلایەن كەسانی باڵادەست و ئەوانەی لە پۆستە هەستیارەكاندان ئەنجام دەردێت، ئەوەش زیاتر رێكخراوە و ئاشكراكردنی سەختە.
ئەو پەرلەمانتارە پێشی وایە، پرۆژەی پارێزگاری كردن لە سەروەتی نەوتی لە رێگەی كۆنترۆڵ كردنی مەلەفی بە قاچاخ بردنەوە دەبێت، پێویستە چاودێری ئەلكترۆنی لەسەر بۆریەكانی نەوت دابنرێن، هەروەها ئامێری ئەلكترۆنی چاودێری و درۆن دابنرێت بۆ چاودێری كردنی كێڵگە نەوتییەكان، چونكە هەندێكیان دوورن لە ناوەندی پارێزگاكانەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group