مەزڵوم عەبدی: گەیشتوینەتە ئاستێك رێگە لە هێرشەكانی توركیا بگرین

24/11/2022

نەوا
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە دەڵێت، گەیشتوونەتە ئاستێك كە بتوانن رێگری لە هێرشەكانی توركیا بكەن بۆ سەر ناوچەكانیان، هەروەها بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە شەڕی داعشیان راگرتووە.
مەزڵوم عەبدی  بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی وتووە، لەوكاتەی توركیا لە ساڵی 2019 هێرشی زەمینی بۆ سەر ناوچەكە دەستپێكرد، هێزەكانیان خۆیان بۆ هێرشێكی دیكەی لەوجۆرە ئامادەكردوە، پێیانوایە گەیشتوینەتە ئاستێك بتوانین هەر هێرشێكی نوێی توركیا پوچەڵ بكەنەوە یاخود لانیكەم نەتوانن زیاتر ناوچەكانیان داگیربكەن.
رونیشیكردووەتەوە، بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە شەڕی داعشیان هەڵپەساردوە، كارەكانیان دژ بە داعش لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەستاون، چونكە سەرقاڵی هێرشەكانی توركیان.
فەرماندەی گشتی هەسەدە جەختی لەوەش كردووەتەوە، داوا لە روسیا و سوریا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش دەكەن، هەڵوێستی بەهێزتر بگرنەبەر بۆ رێگریكردن لە داگیركاریی زەمینیی توركیا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group