پەرلەمانتارێك: عیراق 115 ملیار دۆلاری لە سندوقێكی ئەمریكادایە

13/03/2023 عێراق
نەوا - 
حسێن موئنس ئەندامی پەرلەمانی عیراق و سەرۆكی بزوتنەوەی مافەكان رایگەیاند، عیراق 115 ملیار دۆلاری لە سندوقی گەشەپێدانی ئەمریكادایە و تاوەكو ئێستاش داوای گەڕاندنەوەی نەكردووەتەوە.
حسێن موئنس لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا وتی، گفتوگۆكان لەگەڵ ئەمریكا سەبارەت بە دۆلار تایبەت نەبوون بە دابەزاندنی نرخ و ئەمریكا لەگەڵ دابەزاندنی بەهای دۆلار نییە، بەڵكو بۆ دیاری كردن و پێدانی كاتێك بوو بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی سەكۆی ئەلكترۆنی بۆ رێكخستنی بارودۆخی دراو لە وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەشداوە، زیانەكان بەهۆی بەرزبونەوە و دابەزینی نرخی دۆلارەوە نییە، بەڵكو بەهۆی سیاسەتە ئابورییەكانەوەیە، هەروەها پەیوەندی بە هەمەچەشنەیی داهاتمان و بابەتی كەرتەكان و چالاكییە تایبەتیەكان و پاڵپشتی چینە هەژارەكانەوەیە لە بارودۆخی ئێستادا.
بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئیدارەدانی بانكیی لە عیراق هەڵەیە و دینار بەهای خۆی لەدەستداوە، عیراق 115 ملیار دۆلاری لە سندوقی گەشەپێدانی ئەمریكادایە، چونكە عیراق نەوت بە دۆلار دەفرۆشێت و پارەی ئەو نەوتەش دەچێتە ئەمریكا و دواتر بەش بەش دەنێردرێت، عیراق تاوەكو ئێستا داوای ئەو پارەیەی نەكردووەتەوە ئەوەش بەهۆی یاساكانی جەنگ، چونكە تاوەكو ئێستاش عیراق لەژێر دەستی داگیركاریدایە، پێویستە حكومەتی عیراق داوای ئەو پارەیە بكاتەوە هەروەها كار لەسەر هەمەچەشنەیی دراو بكات بەبێ‌ دەستبەردابوونی دۆلار.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group