یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق پەسەند كرا

27/03/2023 عێراق

نەوا - 
پەرلەمانی عیراق یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانی پەسەند كرد و بۆ پارێزگای كەركوك سەرژمێری ساڵی 1957 دەكرێتە بنەما و دابەشكردنی 32% بۆ پێكهاتەكان نامێنێت.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، پەرلەمانی عیراق بۆ پەسەند كردنی یاسا هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان كۆبوویەوە، دواتر بە زۆرینەی دەنگ یاساكەی پەسەند كرد.
لەو بارەیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق بڵاویكردووەتەوە، دەنگدان لەسەر یاساكە كۆتایی هات و ئەو بەربەستانەی لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوون لابران، سەرژمێری ساڵی 1957 دەكرێتە بنەما و ئەوەش بۆ یەكەمجارە لەدوای ساڵی 2003ەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوەی مامەڵەی مادەی 140ی كردووە یاخود تەنیا مامەڵەی پێشكێشكردووە مافی دەنگدانی هەیە، ئەوەی پێش 2003 لە كەركوك بووە و نفوسی شارەكانی دەرەوەی كەركوكە بووە و ساڵی 1957 راگوێزراوە، بەڵام فۆڕمی خۆراكی كەركوكی هەیە مافی دەنگدانی هەیە.
بەپێی یاساكە، هەموو ئەو هاوڵاتیانەی هێنراونەتە كەركوك و بە ئامانجی سیاسەتی تەعریب ناویان رەشكراوەتەوە، لادەبرێن و مافی دەنگ دانیان نییە، بە وتەی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق بنەمای 32% بۆ هەموو پێكهاتەكانی كەركوك لابراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group