توێژینەوەیەك: ئاوی 56%ی دەریاچەكانی جیهان بەرەو كەمبوونەوە دەچن

20/05/2023 هەمەڕەنگ

نەوا -
بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ، زیاتر لە نیوەی دەریاچە و كۆگاكانی ئاو لەسەر زەوی ئاوەكانیان كەمیان كردووە و زۆرینەشیان بەهۆی گۆڕانكاری كەشوهەواو و بەكارهێنانی مرۆڤەوە بوون، هۆشداریش لە كاریگەریەكانی دەدرێت.
بەپێی توێژینەوەكە كە زانایانی نێودەوڵەتی ئەنجامیانداوە و لە رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاوكراوەتەوە، بەشێك لە سەرچاوەكانی ئاوی شیرین لە سەرتاسەری جیهاندا وەك "دەریای قەزوین" لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا و دەریاچەی "تیتیكاكا" لە ئەمریكای باشور، بەشێكی زۆری ئاویان لەدەستداوە كە لە ماوەی 3 دەیەدا ساڵانە 22 گێگا تۆنیان لەدەستداوە، ئەوەش رێژەی كۆی گشتی ئاوی بەكارهێنرتوە لەساڵی 2015 لە ئەمریكا.
فانگ فانگ یاو زانای هیدرۆلۆجیا لە زانكۆی ڤێرجینیا كە سەرپەرشتی توێژینەوەكەی كردووە وتویەتی، كەمبوونەوەی رێژەی ئاوی دەریاچە سروشتییەكان بە رێژەی 56% بەهۆی قەتیسبوونی گەرمای جیهانی و بەكارهێنانی مرۆڤەوەیە، بەشی زۆریشی بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمای زەوییەوە بووە و نابێت ئەو بابەتە پشتگوێ بخرێت.
زانیان توێژینەوەكەیان لەسەر نزیكەی 2 هەزار دەریاچە كردووە بەبەكارهێنانی مانگی دەستكرد و چەندین تەكنەلۆژیای تر، بۆیان دەركەوتووە كە "بەكارهێنانی بێبەرنامەی مرۆڤ، گۆڕانكاری لە رێژەی بارانبارین و لافاو، نیشتنی زەوی و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما"، هۆكاری سەرەكین بۆ كەمبوونەوەی ئاستی دەریاژەكان لە جیهاندا، ئەو كەمبوونەوەیەی ئاویش كاریگەری لەسەر زیاتر لە 2 ملیار مرۆڤ لەسەرتاسەری جیهاندا دروست كردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group