مەندەلاوی: گفتوگۆكانی پرۆژە یاسای بودجە تەواو نەبون

20/05/2023 عێراق

جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، دەنگ لەسەر زۆرینەی مادەو بڕگەكانی پرۆژە یاسای بودجەی عیراق دراوە.
موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاندوە، لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران كۆبۆتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر مادەكانی پرۆژە یاسای بودجەی عیراق بۆ ساڵەكانی 2023 و 2024 و 2025.
راشیگەیاندوە، لیژنەی دارایی لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ خوێندنەوەو دەستنیشانكردنی ئەو كەموكوڕیانەی لە مادەكانی پرۆژە یاساكەدا هەیە، چونكە پرۆژەكە بۆ سێ ساڵی داهاتوی وڵاتە.
ئاماژەشیكردوە، ئەندامانی لیژنەكە دەنگیان لەسەر زۆرینەی مادەكانی ناو پرۆژە یاساكە داوەو بەردەوامیشن لە گفتوگۆكانیان بۆ یەكلاییكردنەوەی بەشێكی كەمی ئەو بڕگانەی كە ماون، دواتر راپۆرتی كۆتایی خۆیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەكەن بۆ دیاریكردنی رۆژی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group