حاڵەتەكانی توشبوون بە هەوكردنی پەردەی مێشك لە سلێمانی كەمیانكردووە

30/05/2023

نەوا - 
د. پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان رایگەیاند، حاڵەتەكانی توشبوون بە هەوكردنی پەردەی مێشك كەمیانكردووە.
د. پشدەر عەبدوڵڵا بە میدیای یەكێتی وتووە، حاڵەتەكانی هەوكردنی پەردەی مێشك روویان لە كەمبونەوە كردووە، ئێستا رۆژانە 5 بۆ 10 حاڵەتی نوێ تۆمار دەكرێن.
ئاماژەی بەوەشداوە، حاڵەتەكانی توشبوون بە سكچوون و رشانەوە رووی لە زیادبوون كردووە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی مەترسیدار و لەژێر كۆنتڕۆڵدان، جگە لەوەش پەتای هەڵامەت و ئازاری قورگ و بەرزبونەوەی تا بڵاوە، بەڵام دیسان ئەوانەش لەژێر كۆنتڕۆڵدان.
هەرچی سەبارەت بە دەرمانی ئەنتی بایۆتیكە لە دەرمانخانەكان و بەكارهێنانی لەلایەن دایك و باوكانەوە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی باسی لەوە كردووە، بەردەوامن لە هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان كە بەبێ راوێژی پزیشك ئەو جۆرە دەرمانانە بەكارنەهێنن، بەڵام تاوەكو ئێستا بڕیارێك نییە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی فرۆشتنی لە نۆرینگە و دەرمانخانەكاندا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group