خاچی سور: هێزی پێشمەرگە لە ئاستی بەرپرسیارێتی باڵادایە بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ

1 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
وەزیری پێشمەرگەو كۆمیتەی خاچی سور لە عیراق یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنیان واژۆ كرد.
وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویكردوەتەوە، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كیلنور جێگری بەرپرسی  كۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سور لە عیراق و تیمی یاوەری كردوە. 
لە رێوڕەسمێكدا لەبارەی یاداشتنامەكەوە وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندوە: ئەم یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنە بۆ لێكنزیكبونەوەو فراوانبونی پەیوەندییەكانی نێوانیان و گەیاندنی پەیامی پاراستنی یاساكانی نێونەتەوەییە لەكاتی جەنگ و روبەڕوبونەوەكاندا، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژیان و كەرامەتی لێقەوماوانی جەنگ و بارودۆخە ناهەموارەكانە، هەروەها لە پێناو چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ و یاسا مرۆییە نێونەتەوەییەكانە لە جیهاندا.
وەزیری پێشمەرگە راشیگەیاندوە: خۆشحاڵن كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئاستێكی بەرزی هۆشیاری و بەرپرسیارێتیدایە هەمیشە لەكاتی شەڕو ئاشتیشدا پارێزگاری لەخەڵكی سڤیل و لێقەوماوانی جەنگ كردوە لە ناوچەكەدا.
لەلای خۆشیەوە كیلنور پاڵپشتی رێكخراوی خاچی سوری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دوپاتكردوەتەوەو رایگەیاندوە: لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبن لەكاری پێكەوەیی و پاراستنی یاساكانی جەنگ، دڵنیاشن هێزی پێشمەرگە لە ئاستی بەرپرسیارێتی باڵادایە بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group