دواكەوتنی موچە كاریگەری لەسەر كەرتی گەشتوگوزار دروستكردوە

07/08/2023

نەوا-
سەرەڕای رێككەوتنی حكومەتی ناوەندو حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پرۆژەی یاسای بودجەو دەرچونی پرۆژەكە لە پەرلەمان، بەڵام نەهاتنی شایستە داراییەكانی هەرێم لەكاتی خۆیداو دابەشنەكردنی موچەی فەرمانبەران، كێشەی بۆ هاووڵاتیان بە تایبەتی موچەخۆران دروستكردوە.
لەهەرێمی كوردستان، دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران رەنگدانەوەی لەسەر بازاڕ بە گشتی و گوزەرانی خەڵكی بەتایبەتی هەیە، ئەمە لە كاتێكدایە كە هەڵكشان و داكشانی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار لە عیراق بەجیا كاریگەری لەسەر بازاڕو گوزەرانی دانیشتوانەكەی دروستكردوە.
لەكاتێكدا فەرمانبەران چاویان لە دەستی حكومەتی ناوەندە بۆ ناردنی بودجەو شایستە داراییەكانی هەرێم و دابینكردنی موچەكانیان، بازاڕیش بەشێوەیەكی بەرچاو پشتی بە موچەی فەرمانبەران بەستوە، چونكە جموجوڵ و گەرمیەكەی لەگەڵ دابەشكردنی موچەدا دەست پێ دەكات.
یەكێك لەو كەرتانەی كاریگەری زۆری نەبونی موچەی لەسەرە، كەرتی گەشتوگوزارە، شوێنە گەشتیارەكان كە ساڵانی رابردو لەم وەرزەی گەرمای هاویندا جمەیان دەهات، لەئێستادا بەتاڵی گیرفانی هاووڵاتی تەواو رەنگی لەسەر ئەو شوێنانە داوەتەوە.


سەیرانگاو شوێنە گەشتیارییەكان كە لەرۆژانی پشوی هەفتەدا هاووڵاتیان و بەتایبەتیش موچەخۆران رویان تێ دەكرد بۆ بەسەربردنی كاتەكانیان، لەم چەند مانگەی رابردودا بەهۆی كێشەی بودجەو دابەشنەكردنی موچەوە چۆڵیەكی زۆریان پێوە دیارە.
بەراورد بەمانگەكانی پێشوترو هەمان وەرزی ساڵانی رابردو كە شوێنە گەشتیارەكان و سەیرانگاكان قەرەباڵغییەكی زیاتری پێوە دیاربو، شەقام و رێگاوبانەكان، چێشتخانەو دوكانەكان لەبەر ئۆتۆمبێل و رێبوار بەرنەدەكەوتن، بەڵام لەئێستادا نەبونی موچەو دەرنەچونی خەڵكی بۆ ئەو ناوچانە بوەتە جێی نیگەرانیی هاووڵاتیان، بەتایبەتی خاوەن سەیرانگاكان و كاسبكار و خاوەن چێشتخانەكان و جگە لە گەشتیاران و سەیرانكەرانی ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق، گەشتیاری ناوخۆی هەرێم زۆر بە كەمی لە سەیرانگاكاندا بەدی دەكرێن.


هەورامان جەلال بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەیوەندییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە  باسی لەوە كردوە كە نەهاتنی موچە كاریگەری لەسەر كەرتی گەشتوگوزار لە ناوچەكەیان دروستكردوە، لەبەرئەوەی دوو مانگە موچە دابەشنەكراوە.
سەبارەت بە كەمبونەوەی ژمارەی گەشتیاران بەگشتی، هەورامان جەلان ئاماژەی بەوە كردوە كە جگە لە هۆكارەكانی دیكە وەك نەهاتنی موچەی فەرمانبەران، هاوكات مانگی موحەڕەمیش كاریگەری هەبوە لەسەر كەرتی گەشتیاریی و كەمبونەوەی ژمارەی گەشتیار.
هەورامان جەلال راشیگەیاندوە كە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق و كۆمپانیاكانی بواری گەشتوگوزاردا گفتوگۆیان كردوە بۆ چارەسەركردنی كێشەو ئاستەنگەكانی بەردەم كەرتی گەشتوگوزار، بەڵام چارەسەركردنیان پێویستی بە كاتە.
وتیشی: ئێمە لای خۆمانەوە ئاسانكاریی تەواومان بۆ بەرەوپێشچونی كەرتەكە كردوە لە ڕووی پێدانی مۆڵەتی كاركردن بەو كەسانەی رێنماییەكان جێبەجێ دەكەن، بەڵام ناتوانین لە روی ماددییەوە هاوكارییان بكەین.
حكومەتی ناوەندیی عیراق بڕی 598 ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی شەشی موچەخۆران هەرێمی كوردستان رەوانە كردوە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم ئاماژە بەوە دەكەن كە موچەی مانگێكی موچەخۆران زیاتر لە 900 ملیار دینارە.


چاوەڕوان دەكرا، ڕَككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا كە دوای پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای سێ ساڵی عیراق هات، كۆتایی بە ناكۆكی چەندین ساڵەی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بهێنێت و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بێ گرفت موچەكانیان وەربگرن، بەڵام ئەو خواستە تا ئێستا وەك پێویست نەهاتۆتە دی.
راپۆرتی/ ئاژانسی ئەنادۆڵ

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group