سودانی: پاساوەكانی ئێران بۆ هێرشكردنە سەر عیراق هەر چییەك بن رەتكراوەن

پێش 3 هەفتە عێراق

نەوا-
سودانی لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ كەناڵی ئەلعەرەبییە لەبارەی هێرشە موشەكییەكانی ئێران وتی، لەم دوایانەدا بە چەند پاساوێك لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە هێرشكراوەتە سەر عیراق، بەڵام پاساوەكان هەر چییەك بن رەتكراوەن چونكە جێبەجێكردنی یاسا لە خاكی عیراقدا، بەگوێرەی دەستور و یاسا و داب و نەریتە نێودەوڵەتییەكان، ئەرك و دەسەڵاتی حكومەتی عیراقە، بۆیە هیچ وڵاتێك بۆی نییە تاكلایەنە رەفتارو كردەوەی هەبێت، سازش لەگەڵ هیچ وڵاتێك ناكەین ئەگەر پەیوەندییەكانیشمان لە سەر ئاستی سەروەریی و ئاسایشی عیراقەوە بێت، ئەمە جێگیرو نەگۆڕە.
سودانی وتیشی، بە راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیمان راگەیاندوە، پەیوەندییەكانی عیراق و ئێران مێژوییە، بەڵام ئەمە رێگەخۆشكەر نییە بۆ ئەو هێرشەی كراوە، ئەگەر مەترسی یان گومانی ئەمنی هەیە، دەكرێت لە رێگەی دامەزراوە فەرمییەكانەوە چارەسەر بكرێت، چونكە لیژنەیەكی هاوبەشی ئەمنیمان هەیە و دەتوانرێت لە رێگەی ئەم لیژنەیەوە پرسەكان چارەسەر بكرێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group