مەكتەبی سیاسی پارتی: بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پێچەوانەی دەستورە

22/02/2024

نەوا-
لە یەكەم كاردانەوەدا لەدوای بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بەپرسی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان و شایستە داراییەكان، مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبۆوەو راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە. 
لەبەشێكی راگەیەنراوەكەدا هاتوە، مەكتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی كۆبۆتەوە یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكە تاوتوێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بوە كە لە رۆژی چوارشەممە 21ی شوباتی 2024 دەرچون، ئەم بڕیارانە پێچەوانەی رۆحی دەستورو مافە دەستوریەكانی هەرێمی كوردستان و بنەماكانی فیدراڵی و پرەنسیپی لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانن كە لە دەستوری عیراقدا جێگیر كراون.
جەختیشیكردۆتەوە لە داكۆكیكردن لەمافی پێكهاتەكان و پشتیوانیكردنیان لەبەشداریی و هاوبەشییان لە دامەزراوە دەستورییەكان و پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبن تا لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عیراق گفتوگۆكانی لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستور بەردەوام بێت.
هەروەها مەكتەبی سیاسی پارتی راشیگەیاندوە، بڕیاری پەیوەست بە یاسای ژمارە (1) ی ساڵی 1992ی هەڵبژاردن و گۆڕینی بەشێك لە بڕگەكانی، پێچەوانەی دەستورو سروشتی لێكجیایی دەسەڵاتەكانە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group