راوێژكارێكی سودانی: حەواڵەكردنی دراوی بیانی كەمتر نیە لە 200 ملیۆن دۆلار لە مانگێكدا

31/03/2024 عێراق

نەوا-
راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، حەواڵەكردنی دراو لەلایەن كرێكاری بیانییەوە كەمتر نیە لە 200 ملیۆن دۆلار لە مانگێكدا.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاندوە، دوو ئاڕاستە هەن بۆ داواكردنی كرێكاری بیانی، یەكێكیان كرێكاری زیرەكە ئەو جۆرە كرێكارانە چالاكن و بەرهەم زیاد دەكەن، دەبنە هۆكاری دوو هێندەكردنی قەبارەی ئابوری نیشتمانی وەك پسپۆڕان و راوێژكارانی كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكان و كەرتەكانی ئەندازیاری و بانكی و ژمێریاری و پیشەسازی نەوتیی، ئەم كرێكارانە رۆڵێكی گرنگیان هەیە لەبوارەكانی بەرهەمهێنان و راوێژكاری و گەشەسەندن كە كرێكانیان بەرامبەرە بەو بڕەی بەرهەمی دەهێنن. مەزهەر محەمەد راشیگەیاندوە، ئاڕاستەی دوەم كرێكارە بیانیە ناچالاك و نازیرەكەكانن، ئەوانە لەناو ماڵەكاندا خزمەت دەكەن یاخود لە بوارەكانی دابەشكردندا سودیان لێ دەبینرێت ئەو كرێیەی دەستیان دەكەوێت زیاترە لەو كرێیەی لە وڵاتەكانی خۆیان بەدەستیدەهێنن،  زۆربەی ئەو كرێكارانە تێكەڵاون و لە وڵاتانی ئاسیاو ئەفریقاو چەند وڵاتێكی دراوسێوە هێنراون.
راشیگەیاندوە، هاوردەكردنی كرێكاری بیانی لە زیادبوندایە زۆرەبەیان دێنە ناو وڵاتەوە بە رێگەی نایاسایی كاریگەریی نەرێنیان لەسەر جۆری یەكەمی كرێكارەكان هەیە لەگەڵ جۆری یەكەمدا كێبڕكێ دەكەن بەرهەمەكەیان هاوتای ئەو دراوە نیە كە حەواڵەی دەرەوەی دەكەن، ئەمەش كاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر دراوی بیانی لە عیراق هەیە، تائێستا حەواڵەی مانگانەی تایبەت بە دراوی بیانی كەمتر نیە لە 200 ملیۆن دۆلار ئەمە جگە لەوەی تێچوی نیشتەجێبون و دابینكردنی ژیانیان هاوشێوەی ئەو بڕە پارەیەیە كە ئەوان دەینێرنەوە بۆ كەسوكاریان.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group