قائیمقامی سلێمانی: لە وەرزی گەرما رێكار بگرینەبەر بۆئەوەی حاڵەتی ئاگركەوتنەوە دروست نەبێت

پێش 2 هەفتە

نەوا-
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە كۆبونەوەیەكدا سەرنج و پێشنیاری نوێنەری بازاڕەكانی شاری سلێمانی وەرگرت بەمەبەستی پاراستنی ماڵ و گیانی كاسبكاران.
قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی ماڵ و گیانی كاسبكاران و رێگری لە روداوی نەخوازراو، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ نوێنەری دوكاندارو بازاڕەكانی سلێمانی كۆبۆوە بە ئامادەبونی بەشی زیادەڕەوی لە شارەوانی سلێمانی و پۆلیسی رێكاری و نوێنەری بەرگری شارستانی و هاتوچۆ، باس لە رێكخستنەوەی لایەنی سەلامەتی بازاڕەكان كرا.
قائیمقامی سلێمانی لە كۆبونەوەكەدا باسی لەوەكرد، پاراستنی ماڵ و گیانی كاسبكاران ئەركی ئێمەیەو خاتری كەس ناگرین، لەوەرزی گەرما نزیكبوینەتەوەو پێویستە هەندێك رێكار بگرینەبەر بۆئەوەی رێگەنەدەین هیچ حاڵەتێكی ئاگركەوتنەوە لەبازاڕەكاندا دروست بێت، ئەگەر دروستیش بو كەمترین زیانی هەبێت، داواشی كرد هەموو لایەك هاوكاربن بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێكارانەی لەلایەن بەرگری شارستانییە دانراوە.
ئاوات محەمەد وتوشیەتی، ئەو رێكارانە بۆئەوەنییە زیان بە بەرژەوەندی كەس بگەیەنین، بەڵكو بۆ بەرژەوەندی هەمو لایەكەو خۆمان لەمەترسی زیانی ماڵی و گیانی دوردەخەینەوە، بڕیاردراوە ماوەیەكی كاتی بۆ خاوەنی دوكان و بازاڕەكان دیاری بكرێت بۆئەوەی مەرجە سەلامەتییەكان جێبەجێ بكەن و لە هەمان كاتدا خاوەنی دوكانەكان دوای داخستنی بازاڕەكان و لە شەواندا شمەك و كەلوپەلەكانیان ببەنە ناو دوكانەكانەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group