ئومێد خۆشناو: پلانی نۆژەنكردنەوەی بازاڕی قەیسەری هەولێر دادەنرێت

پێش 2 هەفتە

نەوا-
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت كە كردنەوەی بازاڕی قەیسەری هەولێر یەكێكە لە ئامانجەكانیان چونكە پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی كاسبكارانەوە.
ئومێد خۆشناو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە سەردانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ ناوبازاڕی قەیسەری هەولێر كۆمەڵێك فەرمان و راسپاردە دەركراوە، هەروەها كۆبونەوەیەك لە دیوانی پارێزگای هەولێر بەڕێوەدەچێت سەبارەت بە رێوشوێنی كردنەوەی بەشێك لە بازاڕەكە، چونكە هەمو بازاڕەكە نەسوتاوەو لە كۆی 4 هەزار دوكان 227 یان سوتاون بەشێكی زۆری سەلامەتە.
باسی لەوەشكردوە، دەست بە رێكارەكان دەكرێت و كردنەوەی بازاڕەكە یەكێكە لە ئامانجەكانیان چونكە پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی كاسبكاران و پەیوەندارە بەوەی كە بازاڕ سەنتەری شارە، لە كۆبونەوەی دیوانی پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێك دەدرێت سەبارەت بە كردنەوەی بازاڕەكەو دەستپێكردنەوەی ژیانی ئاسایی تیایداو هەروەها خاوێنكردنەوەو پلانی نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكە.
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا پارێزگاری هەولێر باسی لەوەكردوە، هەر لەدوای روداوەكەوە لیژنەیەك دروستكراوە بۆ لێكۆڵینەوەكان لە هۆكاری رودانی ئاگر كەوتنەوەكەو دڵنیایی دەدەن بە خەڵكی پارێزگای هەولێر و كاسبكاران و رای گشتی كە هەر كەسێك لە پشت هۆكاری روداوەكەوە بێت رایدەگەیەنن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group