ئومێد خۆشناو: هۆكاری روداوەكەی دوێنێی هەولێر بۆ كێشەی زەوی و زار دەگەڕێتەوە

11/06/2024

نەوا-
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، هۆكاری سەرەكی ئەو روداوەی دوێنێ شاری هەولێر بۆ كێشەی زەوی و زار دەگەڕێتەوە كە 10 ساڵ لەمەوبەر رویداوە.
 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بەشەڕەتەقەكەی دوێنێی گەڕەكی هەولێری نوێ دەڵێت، روداوەكەی دوێنێ زۆر ناخۆش بو رۆحی ئەو كەسانە شادبێت كە بونە قوربانی و چوار كەس تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشدا، دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس ئەوەی پێویست بو ئەنجامیانداوە بۆ روداوەكە و بەتایبەت پارێزگاریكردن لەگۆڕستان و نەخۆشخانەكان بۆئەوەی زیاتر شەڕەكە تەشەنە نەكات.
باسی لەوەشكرد، ئەو بابەتەی شەڕەكەی لەسەر دروستبوە، هی ئێستا نیە، ئەو كێشەیە رەنگە هی 10 ساڵ پێشتر بێت، زەویەك بوە بە كەسێك دراوە كە وەبەرهێنەرێكە و لەئەنجامدا پرۆژەكە جێبەجێنەكراوە و لێی وەرگیراوەتەوە، جارێكی دیكە بەپرۆسەیەكی ئاسایی زەویەكە بە وەبەرهێنەرێكی دیكە دراوە.
ئومێد خۆشناو دەشڵێت، پێدانی زەوی بە وەبەرهێنەران یان وەرگرتنەوەی پەیوەندی بە پارێزگاوە نیە، بەڵكو دوای رەزامەندی وەبەرهێنان و شارەوانی زەویەكە دیاریدەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group