ئیمارات لە فڕۆكەخانەی ئیسرائیلەوە فەلەستینییە بریندارەكان دەگوازێتەوە

31/07/2024 جیهان

نەوا-
ئیمارات و رێكخراوی تەندروستی جیهانیی بە هاوبەشی رایانگەیاندوە كە دەست بە گواستنەوەی بەپەلەی پزیشكی بۆ فەلەستینییە بریندارو نەخۆشەكان دەكەن.
ماڵپەڕی فاینانشاڵ ئێكسپرێس بڵاویكردۆتەوە، رێكخراوی تەندروستی جیهانی بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی ئیمارات دەستپێشخەرییەكی بەپەلە بۆ گواستنەوەی پزیشكی و یارمەتیدانی فەلەستینییەكانی كەرتی غەزە رادەگەیەنێت،  ئامانجیش لێی گواستنەوەی 148 كەسە كە 85 یان برینداری سەخت و نەخۆشن بە یاوەریی 63 ئەندامی خێزانەكانیان بۆ ئەبوزەبی، ئەم هەوڵە نەخۆشانی شێرپەنجە لەخۆدەگرێت و پێویستیان بە چارەسەری بەرفراوان هەیە.
باس لەوەشدەكرێت، ئەم گواستنەوەی نەخۆش و بریندارانە لەڕێگەی هاوئاهەنگییەوە بەردەوام دەبێت كە لەفڕۆكەخانەی رامۆن لە ئیسرائیل دەستپێدەكات و بە دەروازەی كەرەم ئەبو سالمدا تێدەپەڕێت.
لەلایەن خۆشیەوە ریم هاشمی وەزیری ئیمارات بۆ هاوكاری نێودەوڵەتی تیشكی خستۆتە سەر گرنگی ئەم ئەركەو ئاماژەی بەوە كردوە كە ئەمە رەنگدانەوەی پشتیوانی بەردەوامی ئیماراتە بۆ گەلی فەلەستین و خۆبەخشیان بۆ دابینكردنی یارمەتی خێرا.
هاشمی باسی لەوەشكردوە، ئیمارات پێشتر لە غەزەوە پێشوازی لە 709 نەخۆش و 787 ئەندامی خێزانەكانیان كردوە بۆ چارەسەری پزیشكی، ئەمەش بەپێی رێنماییەكانی شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆكی ئیمارات بوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group