دەزگای ئاسایشی عیراق: داعشێكمان دەستگیر كرد تۆقاندنی بڵاوكردۆتەوە

04/08/2024 عێراق

نەوا-
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق دەستگیركردنی ئەندامێكی داعشی لە بەغدا راگەیاند.
لە راگەیەنراوێكدا دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عیراق بڵاویكردۆتەوە، هێزەكانیان ئەندامێكی داعشیان لە قەزای تارمیە لە باكوری بەغدا دەستگیركردوە كە نازناوی ئەبو هاجەری لەخۆی ناوە.
ئاماژەشیكردوە، ئەو ئەندامەی داعش هەستاو بەكاری تۆقاندنی دانیشتوانی قەزاكە لە هۆزەكان و كەسایەتیە دیارەكان و كارمەندانی هێزە ئەمنیەكان ئەویش لەرێگەی نامەی موبایلەوە بەڵێنیداوە كە لەناویان دەبات، لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەی لەو هاوڵاتیانە كردوە كە كامێرای چاودێریان داناوە لەماڵەكانیاندا لە ترسی ئەوەی جموجوڵەكانی ئاشكرا دەكات.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی باسی لەوەشكردوە، دوای خستنەڕوی بەڵگەنامەكان تۆمەتبار دانی بەتاوانەكەیدا ناوە كە هەڕەشەكانی لەژێر ناوی ویلایەتی باكوری بەغدادا كردوە، لەگەڵ دەستگیركردنیشیدا ژمارەیەك سیم كات و چەكی  پێگیراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group