جێگری سەرۆكی ئاك پارتی: كوشتنی بازرگانەكەی دهۆك جێی قبوڵكردن نیە

04/09/2024

نەوا-
جێگری سەرۆكی پارتی دادو گەشەپێدان (ئاك پارتی) سەرزەنشتی لێدوانی پارتێكی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی كرد كە لەبارەی كوشتنی بازرگانێكی هەرێمی كوردستان لێدوانیداوە.
عومەر چەلیك جێگری سەرۆكی ئاكپارتی رایگەیاند، نوێنەری پارتێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆن لێدوانی ئیستفزازییانەی لەبارەی كوشتنی بازرگانێكی شاری دهۆك داوەو وتویەتی: بەهۆی قسەكردنی بە كوردی كوژراوە، بەو لێدوانە هەوڵیداوە ئیستفزازی بابەتەكە بكات و لەشوێنێكی زۆر هەستیار بیوروژێنێت، واتا تەنها لەبەرئەوەی بە زمانی كوردی قسەی كردوە كەسێك كوژراوە، ئەمە روداوێكی ئەمنییە لەنێوان خەڵكیدا شەڕێك لە شوێنێك دروستبوە كەسێك گیانی لەدەستداوە كە بەهیچ شێوەیەك جێگەی قبوڵ نیە، بەڵام زۆر ئیستفزازییانەیە روداوێكی ئەمنیی وەك روداوێكی سیاسیی یان كوژران بەهۆی ئەو زمانەی قسەی پێكردوە خستۆتەڕو. 
چەلیك وتوشیەتی: ئەگەر هەر هاوڵاتیەكمان یان میوانێكمان بەهۆی ئەو زمانەی قسەی پێدەكات بكرێتە ئامانج ئەوا ئێمە دژی ئەوە دەوەستینەوە، ئەوە ئێمەین قەدەغەكانمان لەو پرسەدا هەڵگرت و بوینە هۆكاری كردنەوەی كەناڵێك و پەرەپێدانی ئەو ناسنامانەی كە هاووڵاتیانمان هەیانە جا چ ناسنامەیەك بێت، لەبەرئەوە بەهیچ شێوەیەك رێگە بەم جۆرە هەڵسوكەوتانە نادەین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group