هەر كەناڵ و میدیایەك هەواڵی كوشتن رووماڵ بكات رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەبێتەوە

پێش 4 هەفتە

نەوا-
داواكاری گشتی سلێمانی داوا دەكات كەناڵەكانی راگەیاندن پابەندبكرێن بە ڕوماڵنەكردنی هەواڵەكانی كوشتن.
داواكاری گشتی سلێمانی لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی كردوە، ڕایگەیاندوە، زۆرێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لەكاتی تاوانێكی كوشتن لەكاتێكدا دادگا و لایەنە پەیوەندیدارەكان سەرقاڵی كۆكردنەوی زانیاری و لێكۆڵینەوەن كەچی بێ ڕەچاوكردنی ئیتیكی كاری ڕۆژنامەگەری و میدیایی و پێچەوانەی ڕێسا و رێنماییە كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان ئەو جۆرە هەواڵانە دەكرێنە هەواڵی بەپەلە و زانیاری بێبەما و هەواڵی ناڕاست بڵاودەكاتەوە.
باسی لەوەشكردوە، كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی لێكدانەوەی نایاسیی و نادروست بۆ ڕوداوەكان دەكەن، هەروەها چاوپێكەوتن لەگەڵ كەسوكاری كوژراو دەكەن، كە ئەوەش جگە لەوەی بەتاوان هەژمار دەكرێت لە هەمانكاتدا كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر دەرونی تاكەكانی كۆمەڵگە بەتایبەت هەرزەكاران و بەلاڕێدابردنیان.
لە نوسراوەكەدا ئەوەشخراوەتەروو، سەرجەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی میدیای بینراو، بیستراو پابەندبكرێن كە خۆیان بەدوربگرن لە ڕوماڵكردنی ئەو جۆرە هەواڵانە و ڕەچاوی یاسای و رێنماییەكان بكەن بەپێچەوانەوە فەرمانگەكەمان ڕێكاری یاسایی دژ بە هەر هەر كەناڵ و میدیایەك دەگرێتەبەر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group