نەوا-
كۆشكی سپی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ بە ئەحمەد شەرعی وتوە، دەرفەتێكی زۆر گەورەی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی "كارێكی گەورە" بۆ گەلی سووریا بكات و چەند داوایەكیشی لێكردووە.
كۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع بە ئامادەبونی محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بەرێوەچوو.
هەروەها، وتەبێژی كۆشكی سپی ئاشكرایكرد كە ترەمپ داوای لە ئەحمەد شەرع كردووە، واژۆ لەسەر رێككەوتننامەكانی ئەبراهام لەگەڵ ئیسرائیل بكات، هەروەها، بە هەموو تیرۆریستانی بیانی بڵێت سووریا جێبهێڵن.
باس لەوەشكراوە، ترەمپ داوای لە ئەحمەد شەرع كردووە،تیرۆریستانی فەڵەستینی دووربخاتەوە و یارمەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكان بدات بۆ رێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش، هەروەها شەرع بەرپرسیارێتیی ناوەندەكانی دەستبەسەركردنی داعش لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا لەئەستۆ بگرێت.
ڕێككەوتنامەی ئەبراهام، ئەو ناوەی كە بە كۆمەڵێك ڕێككەوتنی ئاشتی دراوە كە لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بە سەرپەرشتی ئەمریكا ئەنجام دراون، ئەو ناوە بۆ یەكەمجار لە بەیاننامەیەكی هاوبەشی ئیسرائیل و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و ئەمەریكادا بەكارهێنرا كە لە 13ی ئابی 2020 بڵاوكرایەوە و دواتر بە كۆمەڵ بە مەبەستی ئاماژەدان بە ڕێككەوتنە ئاشتییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و نێوان ئیسرائیل و بەحرەین بەكارهێنرا، ئەمە یەكەمجار بوو وڵاتێكی عەرەبی ڕێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ بكات، دوای ئەوەی ئوردن ڕێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆكرد كە بە پەیمانی ئاشتی ئوردن و ئیسرائیل ناسراوە لە ساڵی 1994.