دەزگای ئاسایش: ئەو هەواڵانەی باس لەبۆردومانكردن دەكەن دورن لە راستیەوە

16 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
دەزگای ئاسایشی هەرێم رونكردنەوەیەكی سەبارەت بە دەنگۆی بۆردومانكردنی ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە. 
لە بەشێكی راگەیەنراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتوە، لەنزیك گوندی هۆمەرقەوم بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما بۆتە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگر لەپوش و پاوانی ناوچەكە، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەكان و تیمەكانی بەرگری شارستانی گەیشتنە شوێنی رودانی ئاگرەكە بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی.
راشیگەیاندوە، بەهۆی كەوتنەوەی ئاگریشەوە لەبناری  چیای سورێن چەند پاشماوەیەكی جەنگی مین تەقینەوە، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێكی گیانی نەبوە، دەزگای ئاسایشی هەرێم بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی و سەرجەم هێزە ئەمنییەكان بەمەبەستی بەدواداچون و لێكۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی روداوەكەو هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكەشیاندا بەمەبەستی پاراستنی ژینگەی ناوچەكە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە رونكردنەوەكەیدا دڵنیاییدایە هاوڵاتیان كە ئەو هەواڵانەی باس لەبۆردومانكردنی ئەو ناوچەیە دەكەن دورن لە راستیەوە، بەهۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكەو تەقینەوەی مین هەستیان بەدەنگی تەقینەوە كردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group