نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ئاشكرایكرد، لەچوارچێوەی پرۆژەی روناكی بۆ دابینكردنی كارەبای بەردەوام بۆ هاوڵاتیان، سەرجەم گەڕەكەكانی ناو سەنتەری شاری سلێمانی (ناو شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود) كارەباكەیان بوەتە 24 كاتژمێری.
لە راگەیەنراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی بڵاویكردوەتەوە، دوای تەواوبونی ئامادەكارییە تەكنیكییەكان و بەپێی پلانی كاركردنی پرۆژەی روناكی زیاتر لە 41 گەڕەكی ناو سەنتەری شاری سلێمانی و ژمارەیەك گەڕەكی دەرەوەی سەنتەری شار كارەباكەیان بوەتە 24 كاتژمێری كە لە 92 فیدەرەوە كارەبا وەردەگرن.
راشیگەیاندوە، بەگوێرەی ئامارەكان كۆی گشتی ئەو هاوبەشانەی كە لەسلێمانی چونەتە ناو پرۆژەی روناكی و كارەباكەیان دەبێتە بەردەوام بریتیە لە 140 هەزار هاوبەش كە 504 هەزار هاوڵاتی لێی سودمەند دەبن، هەروەها 291 موەلیدەش كوژاونەتەوە.