نەوا-
سەرۆك كۆماری توركیا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەنجامدا و تاوتوێی لەناوبردنی چەكی پەكەكە و پرۆسەی ئاشتییان كرد.
سەرۆكایەتی كۆماری توركیا بڵاویكردەوە، لە پەیوەندی تەلەفۆنی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، گفتۆگۆكرا لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و دوایین پێشهاتە هەرێمی و جیهانییەكان.
ئاماژە بەوەشدراوە هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، ئەردۆغان تیشكی خستەسەر پرۆسەی ئاشتی و توركیای دوور لە تیرۆر و ئاماژەی بەوەكرد، پێداگرە لەسەر پاراستنی ئەو پرۆسەیە و بە هەمیشەییكردنی، جەختی لەوەشكردەوە، لێپرسینەوە لەو كەس و لایەنانە دەكەن هەوڵی تێكدانی پرۆسەكە دەدەن.
لە بەشێكیتری پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، ئەردۆغان رایگەیاند، توركیا و عیراق بەردەوامن لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانیان لەسەرجەم بوارە جیاوازەكاندا، بەتایبەتی لە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان.