نەوا-
شەوی هەینی وڵاتانی ئەرمینیا و ئازەربایجان بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دوای چەندین دەیە لە جەنگ، لە كۆشكی سپی رێككەوتنی ئاشتییان واژۆ كرد.
دوای واژۆكردنی رێككەوتنەكە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا جەختی لەوە كردەوە، ئەم دەستكەوتە لە ئەنجامی "هەوڵە بەرچاوەكان"ی بەرپرسانی ئەمریكایە، لەوانە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە و ستیڤ ویتكۆف نێردەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
باسی لەوەشكرد، بەم نزیكانە كۆمپانیا گەورەكانی ئەمریكا دەست دەكەن بە وەبەرهێنانی بڕە پارەیەكی زۆر لە ئازەربایجان و ئەرمینیا، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشتركردنی دۆخی ئابووری هەردوو وڵات. هەروەها چاوەڕوانی ڕێككەوتنێكی دوولایەنەی كرد بۆ فراوانكردنی هاوكارییەكان لە بوارەكانی وزە، تەكنەلۆژیا و زیرەكی دەستكرد.
ترەمپ راشیگەیاند، ئەرمینیا و ئازەربایجان پابەندن بۆ هەتاهەتایە جەنگ بوەستێنن و دەست بە پەیوەندیی دیپلۆماسی، بازرگانی و گەشتیاری بكەن و رێز لە یەكپارچەیی و سەروەریی خاكی یەكتر بگرن.