نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی ئاشورییەكانی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی سام دەرمۆ،سەرۆكی دامەزراوەی ئاشورییەكان لەپێناو دادوەریدا كۆبوەوە.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردوەتەوە، لە كۆبونەوەكەدا دۆخی ئاشورییان و پێكهاتەكان لە عیراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی تاوتوێ كراوەو دەربارەی رۆڵ و پێگەو ئامادەیی و ئێستاو داهاتوی ئاشورییان و پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان بیروڕایان گۆڕیوەتەوە.
ئاماژەشكراوە كە شاندی میوان ستایش و پێزانینی خۆی بۆ پێكەوەژیان و یەكترقبوڵكردنی نێوان پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان دووپاتكردوەتەوە، هەروەها سوپاسی هەرێمی كوردستانیان كردوە بۆ ئەو پشتیوانی و هاوكارییەی لەدوای ساڵی 2003ـەوە لە هەرێمی كوردستان وەك پەناگەیەكی ئارام بۆ ئاشورییەكان و پێكهاتەكان بەگشتی پێشكەشیانكردوە.
لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی سەردانی شاندەكەی بۆ هەرێمی كوردستان بە گرنگ و پێویست بۆ كاری هاوبەش لە قەڵەمداوە جەختی لە سیاسەت و هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی كوردستان لە پاراستنی پێكهاتەكان و كلتوری پێكەوەژیان كردوەتەوە، هەروەها ستایشی رۆڵ و هاوبەشی ئاشورییان و پێكهاتەكانی لە هەمو كایەكانی ژیاندا لە هەرێمی كوردستان كردوە.