سەرۆكایەتی داواكاری گشتی: نیگەرانین لە نادیدەگرتنی ئەرك و رۆڵی دادوەرانمان

14 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لەسەر بنەمای چەسپاندنی تێگەیشتنی راست و دروستی رۆڵی داواكاری گشتی و پێگەكەی لەسیستمی دادوەری رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو لەبەشێكیدا هاتوە، وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێم جەخت دەكەنەوە لەوەی كە دادوەرانی داواكاری گشتی بەشێكی رەسەن و گرنگ و كاران لەخێزانی دادوەری لە كوردستان ولەعیراق ، هەروەها ئەندامانی داواكاری گشتی بە دادوەر هەژمار دەكرێن لە روی ناونیشان و ئینتمایان بۆ خێزانی دادوەری كە هەمان بنەماو رێسای دادوەران لەسەریان پیادە دەكرێت هەر لە دامەزراندنیان كە هەردوكیان دەبێ دەرچوی پەیمانگەی دادوەری بن تاكو خانەنشین كردنیان.
سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی نیگەرانی خۆشی دەربڕیوە بۆ هەر نادیدەگرتنێك بۆ ئەرك و رۆڵی گرنگی دادوەرانیان و پێشێلكردنی دەقە یاساییەكانی لە پەرلەمانی كوردستان دەرچون چ بە نوسراو یاخود رونكردنەوە یاخود لێدوان كە لەلایەن هەر لایەنێك دەربچێت وە پێویست دەكات هەموو لایەك رێز لە یاسا بەركارەكان بگرن و پابەندیان بن.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی داواكاری گشتییە:-

ڕوونکردنەوە
لەسەر بنەمای چەسپاندنی تێگەیشتنی ڕاست ودروستی ڕۆڵی داواکاری گشتی وپێگەکەی لە سیستەمی دادوەری، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ئەم ڕوونکردنەوەیە دەخاتە ڕوو:
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێم جەخت دەکاتەوە لەوەی کە دادوەرانی داواکاری گشتی بەشێکی ڕەسەن وگرنگ وکاران لە خێزانی دادوەری لە کوردستان ولە عیراق هەروەک لە ماددەی (٨٩) لە دەستوری عیراقی فیدرال ودەقی ماددەی یەکەم لە یاسای پاشکۆی یاسای داواکاری گشتی ژمارە (١٨)ی ساڵی ٢٠٠٧ هاتووە کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە کەوا : (يعد أعضاء الإدعاء العام المستمرون في الخدمة حكاماً وفق الدرجات والصنوف والأقدمية والمناصب التي هم عليها عند صدور هذا القانون وتسري عليهم الأحكام التي تسري على الحكام ويتمتعون بجميع حقوق الحكام وامتيازاتهم) ــ (ئەندامانی داواکاری گشتی ئەوانەی لە خزمەتکردندا بەردەوامن بە پێی پلە وپۆلین وکۆنی ئەو پۆستەی تێیدان، لە کاتی دەرچوونی ئەم یاسایە بە دادوەر دەژمێردرێن، هەمان ئەو حوکمانەی بەسەر دادوەراندا پیادە دەکرێ دەیانگرێتەوە وهەموو ماف وتایبەتکاریەکانی دادوەرانیش دەیانگرێتەوە).
بەم پێیە ئەندامانی داواکاری گشتی بە دادوەر هەژمار دەکرێن لە ڕووی ناونیشان وئینتمایان بۆ خێزانی دادوەری کە هەمان بنەما وڕێسای دادوەران لەسەریان پیادە دەکرێ هەر لە دامەزراندنیان کە هەردووکیان دەبێ دەرچووی پەیمانگەی دادوەری بن تاکو خانەنشین کردنیان وە هەموو ماددە وبڕگەکانی یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (٢٣)ی ساڵی ٢٠٠٧ لەسەریان جێبەجێ دەکرێ.
بەڵام بە پێی ماددەی (سێیەم) لە یاسای پاشکۆی یاسای داواکاری گشتی بەرکار دادوەرانمان ئەرکە دادوەرییەکانیان جێبەجێ دەکەن کە لە دووتوێی یاسای داواکاری گشتی ژمارە (١٥٩)ی ساڵی ١٩٧٩ی هەموارکراو وبەرکار لە هەرێمدا هاتوون کە تەواوی قۆناغەکانی پڕۆسەی دادوەری لە دەسپێکی داواکان تاکو یەکلاکردنەوە وجێبەجێکردنی بڕیار وحوکمەکان دەگرێتەوە لە تەواوی دادگاکانی هەرێم.
سەرۆکایەتیەکەمان بە نیگەرانیەوە دەڕوانێت بۆ هەر نادیدەگرتنێک بۆ ئەرک وڕۆڵی گرنگی دادوەرانمان وپێشێلکردنی دەقە یاساییە ئاماژەپێکراوەکانی سەرەوە کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوون چ بە نوسراو یاخود ڕوونکردنەوە یاخود لێدوان کە لەلایەن هەر لایەنێک دەربچێت وە پێویست دەکات هەموو لایەکمان ڕێز لە یاسا بەرکارەکان بگرین وپابەندیان بین.
ورووژاندنی ئەو بابەتە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ولە هەر شوێنێکی تر هیچ خزمەتێک بە بەرژەوەندی گشتی ناکات بەڵکو زیان بەخشە بە کۆی پڕۆسەی دادپەروەری ومتمانەی گشتی بە سیستەمی دادوەری بێ هێز دەکات وپێویستە زۆر بەرپرسانە وحەکیمانە لەگەڵ ئەم جۆرە بابەتانە مامەڵە بکرێ چونکە دادوەرانی داواکاری گشتی ودادوەران تەواوکەری یەکترین وئامانجی پیرۆزی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە بۆ پاراستنی مافەکان وهێنانەدی دادپەروەری وسەروەری یاسا.
یەکەی ڕاگەیاندن وپەیوەندیەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان _ رئاسة الإدعاء العام.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group