نەوا-
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی عێراق دەڵێت، دانانی كامێرای چاودێری بووەتەهۆی كەمبوونەوەی سەرپێچی بە رێژەی %95 .
عەمید نەسیر عەبدولستار بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە رایگەیاند، لە 1ی تەممووزی ئەم ساڵەوە دانانی كامێرای چاودێری لە 5 چوارڕیانی بەری رەسافەی بەغدا جێبەجێ كرا.
ئاماژەی بەوەشدا، دانانی ئەو كامێرایانە هۆكار بوو بۆئەوەی رووداو و سەرپێچییەكانی هاتووچۆ بە رێژەی 90% بۆ 95% كەمببنەوە، ئێستا شۆفێران زیاتر پابەندی رێنوێنییەكانی هاتووچۆن.
باسی لەوەشكرد، دانانی كامێراكان بەردەوام دەبێت و بەپێی پلانەكەش هەر چوار مانگ جارێك نزیكەی 40 چوارڕیان كامێرایان بۆ دادەنرێت، جگە لە دانانی 20 كامێرای دیكە لەسەر رێگە خێراكان بۆ تۆماركردنی تیژڕۆیی.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە جەختی لەوەشكردەوە، ئەم هەوڵانە رۆڵی بەرچاویان لە كەمكردنەوەی رووداو و سەرپێچییەكاندا هەبووە.