مەزڵوم عەبدی جەختی لە پابەندبوونی بە تێكەڵكردنی هێزەكانی بە سوپای سووریا كردووەتەوە

1 کاتژمێر پێش ئێستا جیهان

نەوا-
مەزڵوم عەبدی جارێكی دیكە جەختی لە پابەندبوونی بە خێراكردنی پرۆسەی تێكەڵكردنی هێزەكانی سووریای دیموكرات بە سوپای سووریا كردووەتەوە.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس رایگەیاند، دوای كۆبوونەوەكەی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سووریا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا كردووە و جارێكی دیكە جەختی لە پابەندبوونی بە خێراكردنی پرۆسەی تێكەڵكردنی هێزەكانی سووریای دیموكرات بە سوپای سووریا كردووەتەوە.

باسی لەوەشكرد، ئەندامبوونی سووریا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دەبێتە هەنگاوێكی گرنگ و كاریگەر بۆ ڕێكخستنەوەی هەوڵە هاوبەشەكان و پاڵپشتی بۆ ئەو دەستپێشخەریانەی هەن لە پێناو كۆتایی هێنان بە ڕێكخراوی داعش و نەهێشتنی مەترسی و هەڕەشەكانی ئەو ڕێكخراوە لەسەر ناوچەكە.
هەر لە پەیامەكەیدا لە ئێكس، مەزڵووم عەبدی نووسیویەتی: بە پەرۆشەوە لەگەڵ هاوبەشەكانمان جددیتر و بە هەماهەنگییەكی بەهێزتر كار بۆ پێشكەوتن بەرەو داهاتوویەكی سەقامگیرتر و خۆشگوزەرانتر دەكەین بۆ گەلەكەمان لە سووریایەكی یەكگرتوودا.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group