نەوا-
وەزارەتی نەوتی عیراق بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە باس لە هەڕەشەی كشانەوە لە رێكخراوی ئۆپێك دەكات.
وەزارەتەكە لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكردوە، سەرۆك وەزیرانی عیراق بەهیچ شێوەیەك پرسی كشانەوەیان لە ئۆپێك باس نەكردوە، بەڵكو جەختیان لەسەر گرنگی پێداچونەوە بەبڕی بەرهەمهێنان كردوەتەوە بەجۆرێك كە لەگەڵ توانای راستەقینەی بەرهەمهێنانی وڵات و بارودۆخی ئابوری و ئەمنیی بگونجێت.
لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، وڵاتانی ئۆپێك پڵەس وەڵامی داواكارییەكەی بەغدادیان داوەتەوەو ئێستا لە رێگەی كۆمپانیایەكی راوێژكاری نێودەوڵەتی و سەربەخۆوە پڕۆسەی هەڵسەنگاندن بۆ توانای بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندام دەستیپێكردوە عیراقیش تێیدا بەشدارە.