نەوا-
بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست رایگەیاند، نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم بۆ پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران نیە.
عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە هەژماری تایبەتی خۆی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی بڕیاری پلەبەرزكردنەوە نیە، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی پێشووتریش بۆ ڕاگرتنی پلە بەرزكردنەوە كردویانە نیە، پلە بەرزكردنەوەی هێزی ئەمنی و سەربازیش ڕانەگیراوە، تا بكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، نوسراوەكە بۆئەوەیە بڕی پارەی پێویستی تەرخانكراو بزاندرێت لەئەگەری دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەراندا.
عەلی حەمەساڵح رونیشیكردۆتەوە، بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی كراوە بۆ هەناردەی نەوت و ناردنی داهات و هاتنی موچە، بەمشێوەی ئێستا بەردەوام دەبێت تاكاتی پەسەندكردنی بودجەی 2026، كە پێیوایە دوا دەكەوێت بۆ دوای مانگی (ئایار)ی 2026، وتیشی، ئەركی هەموانیشە ئەوكات كاربكەن بۆ هاوتاكردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دەستپێكردنی پلە بەرزكردنەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە، دوێنێ وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم لە نوسراوێكدا كە ئاڕاستەی سەرجەم وەزارەت و لایەنەكانی نەبەستراو بەوەزارەتەكانی كرد، داوایكرد خشتەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران لەماوەی 20 رۆژدا ئامادە بكەن.