لەهەرێمی كوردستان خۆپیشاندان بۆ پشتیوانیكردن لە كوردانی رۆژئاوای كوردستان بەتایبەت كوردانی نیشتەجێی هەردو گەڕەكی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لە پارێزگای حەلەب بەڕێوەچو.
رۆژی شەممە لە ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندان ئەنجامدراو داواكرا لە هەمو لایەنەكان لەم قۆناغەدا هاودەنگ و هاوهەڵوێستبن و پشتگیری لە كوردانی رۆژئاوا بكەن.
لە لێدوانێكیشدا بۆ راگەیاندنەكان شێركۆ حەمە ئەمین وەك نوێنەری بەرەی پشتیوانی لە رۆژئاوا لەشاری سلێمانی رایگەیاند، سوریا دەیەوێت جینۆسایدی گەلەكەمان بكات، لەبەر بەرژەوەندی سیاسی پشتگیری رژێمی سوریا دەكرێت چاودەپۆشرێت لەئاست ئەو هێرش و پەلامارو جینۆسایدەی بەرامبەر گەلەكەمان دەكرێت، هەمو وڵاتان تائاستی بێدەنگی رەوایەتی بە هێرشی گروپە چەكدارەكان دەدەن بۆ سەر گەلەكەمان.
وتیشی: پێویستە لەسەر دەسەڵاتی كاتی شام و وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە كە بەدەنگ بانگەوازی ئاشتیخوازانەو پێكەوەژیان و دانوستانەوە بێت و جارێكی تر رێگە نەدات خاكی سوریا ببێتە مەیدانی یەكلاییكردنەوەی ململانێی دەوڵەتانی ناوچەكە بەتایبەتی دەوڵەتی توركیا كە دوژمنی كوردە، داواش لە ئەمریكاو نەتەوەیەكگرتوەكان و وڵاتان دەكەن خەمسارد نەبن لە بەرامبەر جینۆسایدی كورددا.