نەوا-
بەهۆی ئەوەی لە بەرامبەر بەجێهێنانی كارێكی وەزیفیدا داوای ئیمتیاز و دەستكەوتی كردبوو، بەرپرسێكی دیوانی پارێزگای زیقاریان دەستگیركرا.
دەستەی دەستپاكی عێراق رایگەیاند، تیمێك لە نووسینگەی لێكۆڵینەوەی زیقار چوونەتە دیوانی پارێزگا و توانویانە بەسەرپێچییەوە (لە كاتی تاوانەكەدا) بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاری لە دیوانی پارێزگا و فەرمانبەرێكی هەمان بەش دەستگیر بكەن، لە كاتێكدا بڕێكی پارە كە وەك بەرتیلی لە بەڵێندەرێك وەردەگرت بۆ ئاسانكاری و تەواوكردنی خەرجكردنی شایستە داراییەكانی.
ئاماژە بەوەشدراوە، تۆمەتباران رێگرییان لە بەڕێوەچوونی مامەڵەی خەرجكردنی شایستەكانی ئەو بەڵێندەرە كردبوو كە پڕۆژەیەكی لە قەزای ئەلنەسر جێبەجێ كردبوو، سەرەڕای ئەوەی سەرجەم رێكارەكانی تەواو كردبوو و چەندین جار سەردانی كردبوون.
دەستەی دەستپاكی روونیشی كردەوە، دادوەریی دادگای لێكۆڵینەوەی تایبەت بە كەیسەكانی دەستپاكی لە زیقار، بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆ تۆمەتباران دەركردووە بەگوێرەی ئەحكامەكانی ماددەی 308 لە یاسای سزادان.