نەوا-
سەبارەت بە دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سوریاو هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، كۆبونەوەیەكی هاوبەشی گرنگیان لەگەڵ نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ كاروباری سوریاو فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات و سەرۆكی ئەنەكەسە ئەنجامداوە، هیوادارن بە زوترینكات ئەو شەڕو ئاڵۆزی و گرژییانە رابگیرێن كە ئێستا لەنێوان هێزەكانی حكومەتی سوریاو هێزەكانی سوریای دیموكرات لە ئارادایەو هەمو لایەك بۆ ئەو رێككەوتنانە بگەڕێنەوە كە پێشتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەیشتن بە سەقامگیری لەنێوان لایەنەكانی سوریا كراون.
بارزانی راشیگەیاندوە، دەرچونی مەرسومی سەرۆكی سوریا لەبارەی مافەكانی كورد بە هەنگاوێكی ئیجابی و ئاڕاستەی دروست دەزانن و هیوادارن ببێتە زەمینەیەك بۆئەوەی بە رەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەوڵەمەند بكرێت و بەشێوەیەكی یاسایی و دەستوری گەرەنتی مافەكانی گەلی كوردی لەسەر بنیات بنرێت.