نەوا-
لەبەردەم نوێنەرایەتی رۆژئاوا لەشاری سلێمانی، هەریەكە لە جاویدان كەمال نوێنەری پەیەدە لە باشوری كوردستان و محەمەد ئالا نوێنەری ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكورو رۆژهەڵاتی سوریا لەباشوری كوردستان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا چەند داواكارییەكیان خستەڕوو داوایانكرد لە هەرێمی كوردستان سنوری سیمێلكا بكەنەوە تاكو هاوڵاتیانی كورد بتوانن بگەڕێنەوە لە رۆژئاوا تا بەرگری لەخاكەكەیان بكەن و هێزی پێشمەرگەش رەوانەی رۆژئاوا بكەن.
جاویدان كەمال نوێنەری پەیەدە لەهەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە رایگەیاند: لە رۆژئاوای كوردستان شەڕی مان و نەمان دەكرێت تا كۆتا دڵۆپی خوێن بەرگری لە كوردستان دەكەن، نەیاری سەرەكی گەلەكەش دەوڵەتی توركیایەو بە كردار پیلان دژی گەلی كورد دەگێڕێت.
نوێنەری پەیەدە وتیشی: بانگەواز لە گەلی كورد دەكەن لە ناوخۆ و دەرەوە پاڵپشتی رۆژئاوای كوردستان بكەن، چونكە روبەڕوی كۆمەڵكوژی بونەتەوە لەلایەن چەكدارانی جۆلانییەوە كە یەك ئامانجیان هەیە ئەویش لەناوبردنی گەلی كوردە.