هەسەدە: لە دو ئۆپەراسیۆندا سەركەوتنمان بەدەستهێنا

2 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بڵاویكردەوە، هێزەكانمان بە هاوبەشی لەگەڵ یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) دو ئۆپەراسیۆنی سەركەوتومان لە دژی چەكدارانی دیمەشق لە دەوروبەری گردی سیریتێل كە دەكەوێتە ناوچەی بەنداوی تشرین ئەنجامدا.
ئەوەشی ئاشكراكرد، لەكاتی ئۆپەراسیۆنی یەكەمدا هێزەكانمان گروپە چەكدارەكانیان كردۆتە ئامانج كە خۆیان بۆ دەستپێكردنی هێرش ئامادە دەكردو یەكێك لە تانكەكانمان تێكشكاند، لە ئۆپەراسیۆنی دوەمیشدا فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان هێرشێكی وردی ئەنجامداو بە تەقینەوەیەكی گەورە چەكدارانی دیمەشق كرانە ئامانج.
هەسەدە ئەوەشی خستەڕو، هەردو ئۆپەراسیۆنەكە بوە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەو گروپانەو لەناوبردنی تەواوەتی تانكێك، هەروەها لە پێشهاتێكی پەیوەندیداردا هێزەكانمان ئۆپەراسیۆنێكی دیكەیان لە گوندی حاجی حسێن لە ناوچەی بەنداوی تشرین ئەنجامدا كە تیایدا پێگەیەكی سەربازی و شوێنی كۆبونەوەی گروپە چەكدارەكانیان تێكشكاند.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group