زیندانییەكانی داعش هەڕەشەی كوشتنیان لە پاسەوانە عێراقییەكان كردووە

6 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق

نەوا-
زیندانیانی ڕێكخراوی تیرۆریستی "داعش" لە كاتی گواستنەوەیان لە سووریاوە، هەڕەشەیان لە پاسەوانە عێراقییەكان كردووە و هەڕەشەی كوشتنیان لێ كردوون دوای ئەوەی لە زیندان هەڵدێن.
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت لە زاری سەرچاوە ئەمنییەكانەوە رایگەیاندووە، زۆربەی زیندانییەكان لە زیندان و سەنتەرەكانی دەستبەسەركردنی بەغدا و حللە دادەنرێن، كە گرتووخانەكانیان بە توندوتۆڵ دادەنرێت.
باس لەوەشكراوە،دەزگای دژەتیرۆر سەرپەرشتی پڕۆسەی گواستنەوە و دابەشكردنی زیندانییەكان دەكات و دەست و قاچیشیان كەلەپچە دەكرێن و دەمامك دەكرێن بۆ شاردنەوەی دەموچاویان.
هەروەها، بە وتەی سەرچاوە ئەمنییەكان، بەشێك لە زیندانییەكانی داعش ڕاستەوخۆ هەڕەشەی ئەوەیان لە پاسەوانە عێراقییەكان كردووە كە هەر كاتێك بتوانن هەڵبێن، ئەوا پاسەوانەكان دەكوژن.
سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەش كردووە، فەرمانی توند دراوە بەوەی بە هیچ شێوەیەك قسە لەگەڵ زیندانییەكان نەكرێت و تێكەڵاویان نەبن، و باسیان لەوەش كردووە كە زۆربەی پاسەوانەكان نازانن زیندانییەكان خەڵكی چ وڵاتێكن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group